Post Image
By balensalihئایار 11, 2025In دۆست و هاوڕێ

ئەمەل سەعید کوردە

سڵاو ڕێز
ئەم بابەتە بە قەڵەمی کاک بەڵێن نوسراوە لەسەر یەکێک لەکارە هونەریەکانم بەناوی(زەنگ) زەنگێک بوو بۆ دەسەڵات و پشتیوانی مووچەخۆران بوو بەڵام بەداخەوە کلیپەکە لەڕاگەیاندنەکانی دەسەڵات بایکۆتکراو بەهیچ شێوەیەک نەیانهێشت بڵاوبێتەوە منیش تەنها سۆشەل میدیای خۆمم شک ئەبرد تێیدا بڵاوم کردەوە لەپاشی چەند ڕۆژێک لە فەیس بووکەوە بەم پۆستەی کاکە بەڵێن سەرسام بووم، بۆیە پێم خۆش بوو ئەم هەڵوێستە جوامێرانەیەی ون نەبێ و باس بکرێتەوە ، سوپاس بۆ ئێوە و بۆ کاک بەڵێنیش ڕۆحی شاد و ئارام بێ.
ئەوەش دەقی نوسینەکەی کاک بەڵێن👇

ئەزیزم ئەمەل خانم، هیوادارم هەمیشە باش بیت. ئاگاداری تەواوی نیگەرانییەکانتم لە میدیای کوردی، ئاگاداری ئاواز و چریکەی پڕ لە ژان و سوێی برینتم. وەلێ مەخابن لە دنیای ئێمەدا میدیا دەخوازێت لە پەڕتەوازەیی و شپرزەیی خۆیدا نغرۆمان بکات، بەڵام نازانێت کاتێک ئەمەلی سەعید کوردە، زەنگێک بە گوێماندا دەات، هەرچی باڕەشی شپرزەیی و هەرچی تەپوتۆزی پەڕتەوازەیی ئەوانە هەیە، لەبەردەم ئەو زەنگەدا دەبزڕکێن و ئیدی ئەوەی دەبیسترێت هەر دەنگی زەنگە. ئەو زەنگەی مرۆڤەکان دەخاتە بەردەم کەوتن و هەڵسانەوە. ئەمەل خانم تۆ کارێکی گەورە و پیرۆزت کردووە و دڵنیابە ئەم زەنگەت دەبێتە یاقوتە درەوشاوەکەی ئاوازەکانمان، دەزانیت چۆن دەزانم؟ لەم ئێوارانەدا ئەو زەنگە بە دەستی مەسیحەوە بوو و سەری بۆ دەلەقاند، لە گوێی مامۆستایەکدا دەزرنگایەوە و بە خۆشییەکەوە ڕووی لە دەوروبەرەکەی دەکرد و پێی دەگوتن، ئەوە ئەمەلە و ئەمەلی بۆ هێناوین، مناڵێکی برسیش دەیگوت سەیرە! هەر ئەڵێی ئەم زەنگەی بۆ من ناردووە، ئیتر برسیم نییە….
دەزانیت هاوڕێ گیان، خەباتگێڕێکی ڕاستەقینەی ئەو شاخانەش پێت دەڵێت “سەد ڕەحمەت لە شیری دایک و باوکت، ئەوەی بە من نەکرا تۆ کردت.” بایکۆتیش بۆڵەبۆڵییەتی و لێوی خۆی دەکرۆژێت و بە شەرمەوە داوای بەخشینت لێدەکات، ئاخر دەزانێت چ شەرمەزارییەکیان بەسەر ڕۆحی بایکۆتدا هێناوە! هەمیشە گەورەیی و بەخشندەییم لە تۆ بینیوە، لەبەردەم ئەم شڕە بایەشدا، وەرزێکی گۆرانی ئاوازی ترمان پێببەخشە گەورەم، شەقام چاوەڕێتە، ئاسمانیش گوێی لێتە. هەربژیت هاوڕێ گیان و هەرگیز هەڵنەوەرێیت.

svgPrev Post
svg
svgدلێر سناوی

Leave a reply