هێرۆ زەنگەنە
بۆ کۆچی کاکە بەڵێن، هاوکار و مامۆستایەک بە تامی باوک
مانگێک زیاتر بەسەر کۆچی کاکە بەڵێن تێپەڕ بوو، بەڵام هێشتا بڕوا ناکەم. لە ماوەی ئەم مانگەدا زۆر شت ڕوویداوە، خۆش یان ناخۆش، یەکەم کاردانەوەم ئەوە بووە تەلەفۆنەکەم هەڵگرم بە کاکە بەڵێن بلێم. پاشان ڕادەچەڵەکێم و برینم دەکولێتەوە، هەستێکی ئێجگار ناخۆشە!
من لە کۆتایی ساڵی 2002 کاکە بەڵێن ساڵحم ناسی، ئەو کاتەی لە دەنگی ئەمەریکا دەستم بە کار کرد. ئەو کات هێشتا لە زانکۆ بووم بێ ئەزموون هیچ باکگراوندێکی ڕۆژنامەوانیم نەبوو، تەنانەت زمانی کوردیشم باش نەبوو. بەڵێن ئەو کاتە هەفتەی چەند ڕۆژێک سەرنوسەر بوو، کەسێک بوو متمانەیکی زۆری بەخۆی هەبوو، کاریزمایەکی سەیری هەبوو لە ناو هەمواندا دیار بوو، لە ئاستێکی زۆر بەرزی ڕۆژنامەوانیدا بوو. ئەو زۆر بە ڕاشکاوانە بۆچوونی خۆی دەگوت، ڕەخنەی بونیاتنەری دەگرت و فێری بەهای ڕۆژنامەوانی کردم. زۆر پشوودرێژ بوو لەگەڵمدا جاری وا هەبوو یەک کاتژمێر ئامادەی دەکردم تا وتووێژێکی پێنج خولەکی ئەنجام بدەم یان ڕاپۆرتێکی کورت بنوسم.
ئەو تەنها فێری ئەوەی نەکردم چۆن ڕاپۆرت بنوسم یان بەرنامە پێشکەش بکەم، بەڵکو فێری ئەوەی کردم چۆن بڕوام بە ئەرکی ڕۆژنامەوان بێت. ئەو فێری کردم ڕاستگۆیی لەگەڵ گوێگر و خوێنەردا چەند پیرۆزە و ئەرکی ڕؤژنامەوان تەنها زانیاری بەخشین نییە بەڵکو خزمەتکردن و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەیە.
لە ماوەی ئەو 23 ساڵی کارکردنەماندا پێکەوە سەدان بەرنامەمان پێشکەش کرد. کاری زۆری لەسەر زمانی کوردیم دەکرد، ڕاستی دەکردمەوە، هانی دەدام، ڕێنوێنی دەکردم. بە شیعرەکانی شێرکۆ بێکەس، نالی، مەحوی و هێمنی ئاشنا کردم و لەو ڕێگەیەشەوە بۆ خۆشەویستییەکی قووڵتری زمان و کولتووری کوردی.
دوای چەندین ساڵ، کاتێک بووم بە سەرنوسەری ماڵپەڕ بەڵێن لە هەموان زیاتر ڕێزی لە کارەکەم دەگرت. هەرچەندە ئەو مامۆستای من بوو، بەڵام بابەتەکانی هەمیشە بۆ دەناردم تا پێداچوونەوەی بەسەردا بکەم و پەسەندی بکەم بۆ بڵاوبوونەوە. سەرەتا هەستێکی سەیر بوو و دەمگوت چۆن دەتوانم دەستکاری کارەکانی ئەو پیاوە بکەم کە ڕاهێنانی پێکردم؟ بەڵام ئەو پێداگری دەکرد و هەمیشە زۆر بە ڕێزەوە داوای بۆچوونمی دەکرد لەسەر نوسینەکانی. ئەو سادەییە و ڕێزگرتنەی لە بەرامبەرەکەی یەکێک بوو لەو هۆکارانەی کە بەشێکی زۆرمان پشتمان پێدەبەست.
کاکە بەڵێن ئارەزوویەکی زۆری بۆ وردەکاری گێڕانەوەی بابەتەکان هەبوو. ئەو باوەڕى بە پەلەکردن لە بیرۆکەکان یان بڕینی گۆشەکان نەبوو تەنها بۆ ئەوەی شتێک کورتتر بکاتەوە. پێیخۆشبوو بە ڕوونکردنەوەی تەواوەوە لەگەڵ گوێگر و بینەر و خوێنەریدا بدوێت. بابەتەکانی و پێشەکییەکانی بەرنامەکانی ڕادیۆ و تیڤی زۆرجار درێژ بوون، چونکە باوەڕی بەوە بوو وردەکاری تەواو دەبێت بدرێت. لە جیهانی خێرا و ڕۆژگاری سۆشیال میدیای ئەمڕۆدا، هەندێک جار داوام لێدەکرد کە باەتەکەی بکات بە ٨٠٠ یان ١٠٠٠ وشە. زەردەخەنەی دەکرد و موناقەشەی زیاتری دەکرد. پاش ئەوەی کە ڕوونی دەکردەوە بۆچی گرنگە، ڕەنگە یەک ڕستەی بڕیبا و دواتر دەگەڕایەوە وبە پێکەنینەوە دەیگوت “ئێستا لە ژێر ١٥٠٠وشەدایە.” ئەوە بەڵێن بوو- پابەند بوو بە پیشەکەوە، نەک تەنها بۆ زیاد کردنی کلیک لەسەر بابەتەکانی کورتیان بکاتەوە.
لە دەرەوەی کار ئەو زیاتر بوو لە مامۆستایەک. ئەو وەکو ئەندامێکی خێزانەکەم بوو. بە تایبەتەی پاش مەرگی باوکم بەڵێن جێگای باوکی بۆ گرتبوومەوە. بە ئەندازەی کێشەی پیشەکەم بۆ کێشە تایبەتەکانیشم پەنام بۆ دەبرد. هەرگیز بێهیوای نەدەکردم. هەمیشە گوێی بۆ دەگرتم و هاوکاری دەکردم.
هەرچەند دەکەم بڕوا ناکەم ئەو كەسەی وەکو کێوێک لە پشتم بوو لە ژیاندا نەماوە. ئێستاش دێتە بەرچاوم لەبەردەم باڵەخانەی دەنگی ئەمەریکا پیاسە دەکات بە دەستی ڕاستی جگەرەکەی گرتووە و دەستەچەپیشی لە پشتی چاکەتەکەیەتی، بانگم دەکات و دەڵێت "هێرۆ باوکە ئەوە دەڕۆیت،؟ ئۆتۆمبێلەکەت هێناوە؟" جا ئەگەر بڵێم نا بە ترەین دەڕۆمەوە دەستبەجێ جگەرەکەی دەکوژێنێتەوە و دەڵێت " من دەتبەمەوە". زۆر جار پێم خۆش نەبوو چونکە ڕێگاکەی زۆر دوور دەکەوتەوە ڕەنگە زیاتر لە کاتژمێرێک، دەمگوت نا کاکە بەڵێن زۆر دوورە، تەنها بە پێکەنینەوە دەیگوت " نا باوکی من باوەڕکە خۆشم هەر بەرەو ئەوێوە دەڕۆم." تا دەگەیشتینە ماڵەوە چەندین بابەتی بۆ باس دەکردم کە هەر یەک لەوانە وانەیەکی تێدا بوو بۆم.
دێتە پێشچاوم، بەرەبەیانی زستانە دەگەمە بەر دەرگای کار، بەڵێن بە خۆی و کووپی چایەکەی لە ماشێنەکەی دادەبەزێت و بەبێ ئەوەی چاکەتێکی گەرمی لەبەردا بێت، کاتێک دەمبینێت بە گاڵتەوە پێم دەڵێت " ئەوە چییە باوکی من بۆ وا خۆت پێچاوەتەوە خۆ لە ئەڵاسکاوە نەهاتویت!" منیش وەک هەمیشە نیگەرانی تەندروستی ئەوم و پێی دەڵێم کاکە بەڵێن ئەوە بۆ چاکەتێکت لەبەر نەکردووە وەڵا ساردە نەخۆش دەکەویت.
کاکە بەڵێن هەستێکی دەگمەنی هەبوو. ساڵانێک مێزی کارکردنمان بە تەنیشتی یەکەوە بوو، هەرچەندە هەوڵم بدابایە لە ڕۆژە ناخۆشەکانمدا دڵتەنگی خۆم بشارمەوە، ئەو هەستی پێدەکرد. سەیری دەکردم و بە نەرمی لێی دەپرسیم، “ هەموو شتێک باشە باوکی من؟ " من دەمگوت بەڵێ، هەوڵم دەدا هیچ نەڵێم، بەڵام بڕوای نەدەکرد و دەیگوت: "با بچینە دەرەوە، پێویستە قسە بکەین." پاشان بانگی دەکردم و دەیگوت با بڕۆین جگەرەیەک بکێشین، هەرچەندە دەیزانی جگەرە ناکێشم، تەنها بۆ ئەوەی پیاسەیەک بکەم و پشوویەک وەربگرم و ئەگەر کێشەیەکم هەبێت هەوڵ بدات یارمەتیم بدات. ئەوە بەڵێن بوو: کەسێک کە تێبینی بچووکترین شتی دەکرد، گرنگی پێدەدا و ڕۆڵی دەگێڕا.
نەک تەنها بۆ من بۆ هەموان وا بوو کاتێک هەریەکێکمان ڕووبەڕووی ئاستەنگێک دەبووینە ڕوومان لە بەڵێن دەکرد. وە بە هێمنی گوێی لێدەگرتین و بە نەرمی دەیگوت “تەنها ئیمانت بە خوا هەبێت هەموو شتێک خۆی چاک دەبێت.”
کۆچی دوایی بەڵێن تەنها خەسارەتێک نییە بۆ هاوکار و هاوپیشەکانی بەڵکو خەسارێکە بۆ ڕۆژنامەگەری کوردی، بۆ ڕۆژنامەگەری ئازاد، بۆ هەرکەسێک کە دەرفەتی ناسینی ئەوەی هەبووە.
دەنگی، ڕاستگۆیی، و خۆشەویستی بۆ کارەکەی لە دڵ و بیرەوەری ئەوانەدا بەردەوام دەبن کە لێوەی فێری بەهاکانی ڕۆژنامەگەری ئازاد بوون.
لە دەستدانی کاکە بەڵێن زۆر بە ئازارە، هەست دەکەم جارێکی تر باوکم لەدەستدایەوە. بەڵام یاد و یادەوەرییەکانی هەمیشە لەلام بە زیندویەتی دەمێننەوە.
ڕەوانت شاد کاکە بەڵێن گیان بنو بە ئارامی.

