© 2025 balensalih
بەڵێن ئه‌حمه‌د ساڵح، له ڕۆژی 15ی (ئه‌یلول/9)ی ساڵی 1961 لە شاری هەڵەبجە لە دایکبوە، ئەوکات ڕەوانشادی باوکی، ئەحمەدی حاجی ساڵح، لە هەڵەبجە دادوەر بوە كه لە بنەماڵه‌یه‌كی دیاری شاری سلێمانیه، دایکی روناک ره‌ئوفە كه یەکێک بوو لە پێشەنگەکانی بەرگری لە مافی ژنان.
هەر بەهۆی کارکردنی باوکییەوە، كاكه به‌ڵێن پۆلی یەکەمی سەرەتایی لە شاری شەقڵاوە خوێندوه، پۆلی دوی لە هەڵەبجە و دواتر لە خوێندنگەکانی بێکەس و گۆران لە شاری سلێمانی قۆناغی خوێندنی سەرەتایی تەواو كردوه، هه‌روه‌ها قۆناغی ئامادەیی لە هەردو ئامادیی سەڵاحەدین لە شاری سلێمانی و دواناوەندی ڕانیه‌ی بناری کێوەڕەش له شاری ڕانیە خوێندوه، دوا قۆناغی خوێندنیشی لە بەغدا، لە پەیمانگەی بەڕێوەبردنی ڕەسافە تەواوکردوه.
بەڵێن ساڵح لە ساڵی 1982دا، بە هۆی ڕێکخستن و بەشداری لە خۆپیشاندان لە دژی ڕژێمی دیکتاتۆری سه‌دام حسێن دەستگیر دەکرێت لەگەڵ ژمارەیەک هاوپۆل و خوێندکاری ئەو سەروەختەی پەیمانگەی تەکنیکی هەولێر و کۆلیژەکانی زانکۆی سەڵاحەدین، دواتر بە لێبوردنێکی گشتی لەگەڵ هاوەڵەکانیدا ئازاد دەکرێن.
لە دوای ڕاپەڕینەکەی ساڵی 1991ەوە، به‌ڵێن ساڵح هەنگاوەکانی بەردەوام دەبن لە بواری ڕۆژنامەوانیدا و لە ژمارەیەک گۆڤار و ڕۆژنامە و ڕادیۆ و تەلەفیزیۆنی هەرێمی کوردستانی عێراق کاریکردوە، لە ساڵی 1996یشدا هەوار بۆ ئەمریکا دەگوێزێتەوە و لەوێش سەرەتا لە یەکێک کۆگاکانی پارچەی کۆمپیوتەردا دەستبەکار دەکات تا لە مانگی 12ی ساڵی 1999 لە بەشی کوردی دەنگی ئه‌مریكا وەردەگیرێت و تاوه‌كو ماڵئاواییشی له ژیان كرد، لەو دەزگایەدا بەردەوام بو.
لەم ماوەی نزیکەی 25 ساڵەی ڕابردودا، چەندان بەرنامەی سیاسی وەک، پانۆراما و لەگەڵ ڕوداوەکان، مێزگرد، چاوی واشنتن، وتوێژی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری، ئامادە و پێشکەش کردوە، جگه لەوانەش بۆ نزیکەی 20 ساڵ هەردو بەرنامە فەرهەنگییەکەی بەشی کوردی دەنگی ئه‌مریكای ئامادە و پێشکەش ده‌كرد، فەرهەنگ و تۆڕی کوردی، هەروەها بەرنامەی ژیان لە فەرهەنگدا.
کاری ڕۆژنامەوانی لای بەڵێن، کارکردن بو بۆ گه‌ڕان به‌دوای راستیه‌كان و گەیاندنیان بە وەرگر، بەو ئامانجەی بەشدارییەکی نەوازشانەی هەبێت لە دروستکردنی ڕایگشتیدا لەناو کۆمەڵگەی کوردی، سه‌ره‌ڕای هه‌موو كاره رۆژنامه‌وانیه‌كانی، نوسینی شیعر بەشێکی دانەبڕاو بو لە ژیانی نوسینی بەڵێندا، له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا له ساڵانی هه‌شتاكان چه‌ندین بابەتی جۆراوجۆری لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی ئەو سه‌رده‌مه بڵاوکردۆتەوە.
بەڵێن برای به‌رهه‌م، و به‌تین و نه‌خشینه، لە ساڵی ١٩٩٢ هاوسەرگیری لەگەڵ گوڵزار عبدالقادر كردوه، خاوه‌نی دو كچی دوانه‌ن به‌ناوه‌كانی شێنێ و سونێ كه له ساڵی ١٩٩٣ لە دایک بون.
به‌ڵێن ئه‌حمه‌د ساڵح نوسه‌ر و رۆژنامه‌نوسی دیاری كورد ئێواره‌ی رۆژی یه‌كشه‌ممه 30ی (ئازار/3)ی 2025 له واشنتنی پایته‌ختی ئه‌مریكا دڵه گه‌وره‌كه‌ی له لێدان كه‌وت و بۆ هه‌میشه ماڵئاوایی له كه‌سوكار و خزم و هاوڕێ و ئازیزانی كرد و کۆچی دوایی ئەو ڕۆژنامەنوس و ڕۆشنبیرە ناسراوەی کورد بو بە ماتەمگێڕیەکی کۆمەڵایەتی بەرفراوان و دەستەبژێرە جیاوازەکانی کوردستانی لەگەڵ خۆیدا هێنایە دەنگ و ڕەشپۆشی و بەداخی بۆ مەرگی ئەو تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانی تەنی.