بەتین ئەحمەد ساڵح
بۆ هاوڕێی سەفەرە دوورەکان:
حەز ئەکەم ئەم کورتە نامەیە لە یادی یەک ساڵەی کۆچی ئەبەدیت بەم دێڕە شیعرەی مامۆستا شێرکۆ بێکەس دەست پێبکەم..
ئەوەی هەموو ڕۆژێ لای من
کورت و کورتتر ئەبێتەوە هەر ژیانە
ئەوەی بەردەوامیش درێژ درێژ ئەبێتەوە
سێبەری ژان و زیگاری خەمەکانە..
ساڵێك تێپەڕی و دڵم هەر لێدەدا بۆ بیستنی دەنگت و چاووم بۆ دیدارت، بەڵام تۆ هەرنەهاتی ئەی گلێنەی چاووم، ئازاری ئەم چاووەڕوانیە وە وەک ئازاری یەعقوبی باوکە لە چاوەڕوانی یوسفی کوڕدا..
ساڵێك تێپەڕی و دڵم دەرهات، دەروونم پڕ ئاگرەو تۆ هەرنەهاتی بۆ کوژاندنەوەی ئەم کڵپەیە..
ساڵێکە بەدیار یادو یادگاریەکانتەوە
گومان لە بونی خۆم و هەست و نەستم دەکەم…
پڕ بە دڵ حەزم ئەکرد فرمێسکی چاووی هەموو کوڕ و کچە ئاشقەکانی سەر ڕووی زەمین کۆبکەمەوە لە چاوما و بیبارێنم بۆ ئامادەنەبوونت و حەسرەتی هەموو ئەوانەی حەسرەت لە دڵیانایە لەم دونیایە بێتە ناو ناخمەوە و هەڵیڕێژم بۆ دووری تۆ ڕۆحی شیرینم…
جوانی و گەورەیی تۆی ئازیزم میهرەبانیەکی گەورە گەورە بوو….ئەشزانم وەک خۆت ئەتنووسی هەموو بە حەسرەتەوە ئەمرین، بەڵام حەسرەتی ئەم کۆچەت گەلێک بە ئازارە و حەزت ئەکرد وەک گۆرانیەکەی کمال ئەیچڕی بستێ خاکی سلێمانی جێگەت بوایە و نەک غەریبی بێڕەحمانە دڵەی تەنگتی قاشکردایە
ئەوەی ماوە لەم یادەتدا بیڵێم تەنها ئەوەیە بێ تۆیی گەورەتری بۆشایی ژیانمە ڕۆحی شەکەت کردوم ئەی جوانترین و ئەزیزترین مرۆڤی دڵم…
هیچم بۆ ناوترێت لەوەی بڵێم ماڵئاوا کاکە بەڵێن گیان..
ئەم کۆچەت بروسکەی ئازارێک بوو جەرگ و دڵی بڕییم..
ماڵئاوا..
ڕۆحت شاد هاوڕێی سەفەرە دوورەکان…

